
هۆکارەکانی شکستی پلانی چوونەوەی هێزە کوردییەکان [پێشمەرگە] بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشکردنە سەر ئێران چی بوو؟
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، پلانی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی لەلایەن هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئامانجی ڕزگارکردن و لاوازکردنی ڕژێمی تیرۆریستی لە ئێران شکستی هێناوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیار بوو دەیان هەزار هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات بەرەو تاران پێشڕەوی بکەن.
هۆکارەکانی شکستهێنان لەم ڕاپۆرتەدا بەم شێوەیە هاتووە:
- ئاشکراکردنی پلانەکە لە میدیاکان پێش جێبەجێکردنی؛
- گواستنەوەی هێزەکانی ئێران و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پلانێکی ئەگەری؛
- دژایەتی تورکیا و نیگەرانییەکانی وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە ناسەقامگیری ناوچەکە؛
- دوودڵی لایەنە کوردییەکان بەهۆی نەبوونی گەرەنتی سیاسی و نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بێمتمانەیی بە ئەمریکا؛
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، ئەم سیناریۆیە کە ساڵانێک بوو لەلایەن موسادەوە دیزاین و کاری لەسەر دەکرا، ئێستا دوای ئەوەی دوو دەرفەتی جێبەجێکردنی هەبوو بەتەواوی وازی لێهێنراو هەڵوەشێنرایەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی لە نێوان واشنتۆن و تەل ئەڤیڤ.
