
ڕاپۆرت - کوردستان ئۆنلاین
— ڕاپۆرتی تایبەت کوردستان ئۆنلاین
لە هەڵبژاردنەکانی دیاریکردنی کاندیداکان بۆ هەڵبژاردنی شورای مەرکەزی(ئەنجومەنی ناوەندی) کۆنگرەی ئازادی ئێران کە سێ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێدا بەشدارن ناهید بەهمەنی نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و ریوار ئاودانان نوێنەری پژاک دەنگیان هێناوە و دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە نوێنەری حیزبی دێموکرات دەنگی پێویستی بۆ کاندیدابوون نەهێناوەو کەوتە خولی دووەم و دوایش لەخولی دووەم کشایەوە…
لێرەدا دەپرژینە سەر هۆکارەکانی دکتۆر ئاسۆ حەسەنزادە کە بۆچی کشاوەتەوە
ئاسۆ حەسەنزادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەکۆنگرەی ئازادیی ئێران، دوای کشانەوەی لە خولی دووهەمی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی کاندیداکانی گرووپی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەکانی شورای مەرکەزیی ئەم کۆنگرەیە، روونکردنهوهیهکی له ژوورهکانی ئۆنلاینی کۆنگرهی ئازادیی ئێراندا بڵاو کردووتهوه که نوسخهیهکی دهست کوردستان ئۆنلاین کهتووه.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی، کشانەوەی ناوبراو پەیوەندی بە نەهێنانی دەنگ نەبووە؛ چونکە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا، ئەو و سێ کاندیدی دیکە واته رهزا عهلیجانی و حوسێن رهزاق و جهلیل شهریهانی بە ژمارەیەکی یەکسانی دەنگ چوونەتە خولی دووهەم. بەڵام حەسەنزادە دەڵێت بڕیارەکەی لەسەربنەمای نیگەرانییە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان بووە، نەک ئەنجام هەڵبژاردن.
لە ڕوانگەی حەسەنزادەوە، کێشەی سەرەکی لە میکانیزمی کارکردنی کۆنگرەکەدایە؛ بە تایبەتی لەوەدا کە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی پێویست گرنگی بە شوێنی حیزبەکان، نوێنەرایەتی میللیەتەکان و فرەیی سیاسیی کۆمەڵگەی ئێران نەداوە. ئەو پێی وایە کۆنگرەیەک کە بانگەشەی دیموکراسی، فرەیی و هاوبەشی دەکات، پێویستە لە پێکهاتە و میکانیزمە ناوخۆییەکانیشدا ئەم بنەمایانە بە شێوەیەکی کردەیی ڕەنگ بداتەوە.
حەسەنزادە جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنیا کاتێک دەتوانێ تمانایەکی دیموکراتیک و ڕەوایەتیبەخش هەبێت کە پێشتر ڕێککەوتنێکی سیاسیی ڕوون لەسەر چۆنیەتی پێکهاتەی ئۆرگانەکان، پشکی حیزبەکان، شوێنی چاڵاکوانانی سیاسی و مەدەنی و نوێنەرایەتی میللیەتەکان و ڕەوتەجیاوازەکان هەبێت. بە بڕوای ناوبراو، بەبێ ئەو ڕێککەوتنە، هەڵبژاردن دەتوانێت لە جیاتی بەهێزکردنی کۆنگرە، ببێتە هۆی سڕینەوەی هەندێک ڕەوت و پێکهاتەی گرنگ.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەی حەسەنزادە ئەوەیە کە لە پێکهاتەی کارگرووپەکاندا، شوێنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ڕوون و گونجاو دیاری نەکراوە. ئەو پێی وایە لە کاتێکدا کورد و میللیەتەکانی دیکەی ئێران خاوەنی داواکاریی سیاسی، ناسنامەیی و مێژوویی دیاریکراون و تهنیا بهشی ئێران که حیزبی به واتای راستهقینهی وشهیان ههیه، نابێت نوێنەرایەتی ئەوان لە ناو میکانیزمێکی گشتی و تاکتەوەردا ون بکرێت.
ناوبراو هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت کە له کاتی باس و موناقشه لهسهر جێگهو پێگەی حیزبهکان ڕێگه به "بهڕابردووترین و بهنفووزترین حیزبی هێشتا چالاکی مێژووی ئێران واته حدکا" نهدراوه که قسه بکا و داوای ناوبراویش بۆ ئهوهی ناوی حیزبهكانیش له لیستهی کاندیداکاندا بنووسرێ رهت کراوهتهوه. بهمجۆره لە پرۆسەی ناساندنی کاندیداکاندا، ناسنامەی حیزبی و ڕێکخراوەیی هەندێک کاندیدا بە شێوەیەکی ڕوون دەستنیشان نەکراوە. بە بڕوای ئەو، ئەمە وای کردووە دەنگدەران زیاتر لەسەر بنەمای ناسینی کەسی، پەیوەندیی تاکەکەسی یان ڕێککەوتنی شاراوە دەنگ بدەن، نەک لەسەر بنەمای پێویستیی پێکهاتەیەکی فرە، هاوسەنگ و نوێنەرایەتیدار.
حەسەنزادە لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی خاوەن مێژوو، پێگەی جەماوەری و ئەزموونی سیاسی، پێویستە لە چوارچێوەیەکی گونجاودا نوێنەرایەتی بکرێت. ئەو جەخت دەکاتەوە کە دەنگدان بە نوێنەری ئەم حیزبە، تەنیا دەنگدان بە تاکێک نییە، بەڵکو دەنگدانە بە حیزبێک و بەو داواکارییانەی ئەو حیزبە نوێنەرایەتییان دەکات. ناوبراو له کاتی خۆ ناساندندا ههروهها رایگهیاندووه که ئهگهر ههڵبژێردرێ نابێ چاوهڕوانیتان ههبێ واز له باسکردنی مافهکانی نهتهوهی کورد بێنێت.
لە کۆتاییدا، حەسەنزادە ڕایدەگەیەنێت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئاستی هاوکاریی سیاسی، هێشتا لەگەڵ کۆنگرەی ئازادیی ئێران دەمێنێتەوە؛ بەڵام بەردەوامبوونی بەشداری لە ئۆرگانە جێبەجێکارەکان بەوەوە گرێدراوە کە میکانیزمەکانی کۆنگرە و پێکهاته و شێوازی کارکردنی ئۆرگانەکان چۆن چاکسازی دەکرێن و پێداچوونهوهیش به بهڵگهنامهی دامهزراندنی کۆنگرهدا بکرێ.
بە گشتی، هۆکارەکانی کشانەوەی ئاسۆ حەسەنزادە دەتوانرێت لە چەند خاڵدا کورت بکرێتەوە:
١- نیگەرانی لە کەمبوونی نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی میللیەتەکان
٢- لاوازبوونی شوێنی حیزبەکان
٣- تاکتەوەربوونی میکانیزمی هەڵبژاردن
٤- نەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر پێکهاتەی ئۆرگانەکان
٥- ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان تێڕوانینی ناوەندگەرایانەی کە لە مێژوویسیاسیی ئێراندا بووەتە هۆی سەرکوتی فرەیی و نادیدەگرتنی مافی میللییەتەکان
شایەنی باسە پێشتریش ئاسۆ حهسهنزاده وهك نوێنهری حدکا له کۆبوونهوهی کۆنگرهی ئازادی ئێراندا چهند جار به گوتارێكی نهتهوهیی دووابوو و بهناوی حیزبهکهیهوه مهرجی بۆ بهشداری له هاوپهیمانییه ئێرانییهکاندا دانابوو. له دۆخێكی ئاوادا بهشداری حدکا و خۆبهربهژێرکردنی ناوبراو له ههڵبژاردنی ئهنجومهنی ناوهندی کۆنگرهی ئازادی ئێراندا پرسیارخوڵقێنه و جێگای تێڕامانه.
