
ڕاپۆرت - کوردستان ئۆنلاین
— ڕاپۆرتی تایبەتی کوردستان ئۆنلاین:
لە هەڵبژاردنەکانی دیاریکردنی کاندیداکان بۆ هەڵبژاردنی شورای مەرکەزی (ئەنجومەنی ناوەندی) کۆنگرەی ئازادی ئێران کە سێ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێدا بەشدارن ناهید بەهمەنی نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و ریوار ئاودانان نوێنەری پژاک دەنگیان هێناوەو دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە نوێنەری حیزبی دێموکرات دەنگی پێویستی بۆ کاندیدابوون نەهێناوەو کەوتە خولی دووەم و دوایش لە خولی دووەم کشایەوە.
شورای مەرکەزی کۆنگرەی ئازادی ئێران پێکدێت لە ١٣ کورسی کە ٥ی تەرخان کراوە بۆ حیزبەکانی ئێران و ٨ کورسیش بۆ کەسایەتییەکان.
گرووپی سیاسی کۆنگرەی ئازادی ئێران کە پێکهاتووە لە ٤٤ کەس، دەبێ بەپێی بڕیاراتی کۆنگرە کاندیداکانی حیزب و لایەنەکان بۆ شورای مەرکەزی دیاری بکات.
شەوی چوارشەممەی ڕابردوو ١٣ی ٥ی ٢٠٢٦ گرووپی سیاسی بۆ دیاریکردنی کاندیداکانی خۆی هەڵبژاردنێکی نێوخۆیی بەڕێوە برد.
لە هەڵبژاردنەکەدا ١٣ کەس خۆی کاندید کردبوو بۆ دیاریکردنی کاندیداکانی گرووپی سیاسی کە دەبێ ٩ کەس بن. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گرووپی سیاسی ٦ کەس دەنگی پێویستی هێناو کە لەوانە ناهید بەهمەنی نوێنەری کۆمەڵەی شوڕشگێڕ و ریوار ئاودانان نوێنەری پژاک هەڵبژێردران. دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە کە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی دەکرد، دەنگی پێویستی نەهێناو کەوتە خوولی دووەم. بڕیار درا هەر ئەو شەوە (چوارشەممە ١٣ی ٥ی ٢٠٢٦) خولی دووەمیش بەڕێوە بچێت کە چارەنووسی ٩ کاندیداکەی گرووپی سیاسی دیاری بکرێت. بەڵام ئاسۆ حەسەن زادە نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەڵبژاردنەکانی خولی دووەم کشایەوە. بە کشانەوەی ئاسۆ حەسەن زادە ئەو ٩ کەسە (کە لە خوارەوە نێویان هاتووە) وەکوو کاندیدای گرووپی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەکانی شورای مەرکەزی کۆنگرەی ئازادی ئێران کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ١٧ی ٥ی ٢٠٢٦ بەڕێوە بچێت دیاریکرا.
شایەنی باسە کە ئاسۆ حەسەن زادە نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرە لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرە ئازادی ئێران هۆکارەکانی کشانەوەی خۆی باسکردووە کە فاتمە حەقیقەت جوو بەرێوەبەری هەڵبژاردنەکان لە نامەیەکدا وەڵامی داوەتەوە.
چارەنووسی ئەو دوو حیزبەکەی دیکە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ئەم مانگە لە هەڵبژاردنێکدا لە ئەنجومەنی گشتی کۆنگرەی ئازادی ئێران دیاری دەکرێت کە ئایا دەبنە ئەندامی شورای مەرکەزی کۆنگرەی ئازادی ئێران یان نە!
کاندیداکانی گرووپی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەکانی شورای مەرکەزی (ئەنجومەنی ناوەندی) بریتین لە:
١- فەریبا بورهان زەهی - حیزبی گەلی بەلووچستان.
٢- فەرزانە عەزیمی - حیزبی چەپی ئێران.
٣- ناهید بەهمەنی - کۆمەڵەی کوردستانی ئێران.
٤- ریوار ئاودانان - پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
٥- سیمین سەبری - حیزبی دێموکراتیکی ئازەربایجان.
٦- مەهدی عەرەبشاهی - کۆماریخوازانی ئێران.
٧- جەلیل شەرهانی - حیزبی تەزامونی ئەهواز.
٨- ڕەزا عەلیجانی - بەرەی میللیی مەزهەبییەکانی ئێران.
٩- حوسێن ڕەزاق - گرووپی ١٧ کەس.
زیاتر:
«کۆنگرەی ئازادیی ئێران» (Iran Freedom Congress) هاوپەیمانیەکی سیاسییە کە لە چەندین حیزب، ڕێکخراو، ڕەوت و کەسایەتییەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهاتووە. ئەم پێکهاتەیە بە پلەی یەکەم بە ئامانجی هەماهەنگی لەنێوان هێزە سیکولار، دیموکرات و ڕەوتە چەپ و ئەتنیکیی و میللیەتەکانی ئێران چالاکی دەکات کە ئامانجی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
