گرنگ

کوردستان لە ساتەوەختی دیاریکردنی بەرەدا: ئیسرائیل، ئێران و هاوکێشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

2026-05-14

 

کوردستان لە ساتەوەختی دیاریکردنی بەرەدا: ئیسرائیل، ئێران و هاوکێشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

 

عەتا جەماڵی

 

پێشەکی: لە ساتی بڕیاردا بێلایەنی هەڵوێست نییە

 

لە مێژووی نەتەوەکاندا ساتگەلێک هەن کە تێیاندا بێدەنگی چیتر خۆپاراستن نییە، بێلایەنی ژیری سیاسی نییە و چاوەڕوانی ناوی ترسی سیاسییە. ئەو ساتانە کاتێک دەردەکەون کە هاوکێشەی هێز دەگۆڕێت، دەوڵەتەکان دەکەونە قەیرانەوە و نەتەوە بێدەوڵەتەکان ناچار دەبن بڕیار بدەن: دەبنە بەشێک لە داڕشتنی نەخشەی نوێ، یان جارێکی تر لە پەراوێزی مێژوودا دەهێڵرێنەوە.

ململانێی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەو جۆرە ساتانەیە. ئەمە تەنها ناکۆکییەکی دیپلۆماسی، قەیرانێکی ناوکی، یان بەریەککەوتنێکی سەربازی نییە. لە پشت ئەم ململانێیەدا پرسی گەورەتر هەیە: داهاتووی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە، شوێنی دەوڵەت-نەتەوە، ئاسایشی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی و بە تایبەتی داهاتووی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە نێویاندا کوردستان.

بۆ کوردستان، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە جەنگ دەبێت یان دانوستان؛ ئەمریکا و ئێران ڕێک دەکەون یان نا؛ ئیسرائیل فشارەکانی زیاتر دەکات یان دەکشێتەوە. ئەمانە هەمووی گرنگن، بەڵام ناوەندی پرسی کوردستان نین. پرسی بنەڕەتی ئەمەیە: لە هەر ئەنجامێکی ئەم ململانێیەدا، کوردستان لە کوێ دەوەستێت؟ ئایا وەک پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی دەردەکەوێت، یان جارێکی تر وەک کارتێکی کاتی لە دەستی دەوڵەتاندا بەکاردەهێنرێت و پاشان لەسەر مێزی ڕێککەوتنەکان دەفرۆشرێتەوە؟

ئەم وتارە لەسەر ئەم بنەمایە دەوەستێت: هیچ خوێندنەوەیەکی کوردی لەبارەی ململانێی ناوچەکەوە نابێت لە پرسی کوردستان جیا بکرێتەوە. هەڵوێستی کورد نابێت لەسەر ترسی کاتی، بەرژەوەندیی حزبی، یان پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دابڕێژرێت. پێوەرە سەرەکییەکە دەبێت ئەمە بێت: کام هەڵوێست هێزی سیاسیی کورد، ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان، و داهاتووی سەروەریی کوردستانی بەهێز دەکات؟

بەم مانایە، ئەم وتارە بێلایەن نییە و نایەوێت بێلایەن بێت. لە بەردەم پرسی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتدا، بێلایەنی زۆرجار ناوی جوانکراوی بێهەڵوێستییە. ئەم خوێندنەوەیە بە ڕوونی لایەنی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان دەگرێت و هەموو هاوکێشەی ناوچەکە لەو ڕووناکییەدا دەخوێنێتەوە.

 

سێ بازنەی تێکتەندراوی ململانێ

 

بڕیاری کورد لەم قۆناغەدا نابێت بە خوێندنەوەیەکی یەک‌ئاستی دابڕێژرێت. ئەم ململانێیە لە ناو سێ بازنەی تێکتەندراودادەجووڵێت؛ هەر یەک لەوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی کوردستان هەیە.

بازنەی یەکەم، بەریەککەوتنی نێوان بەرەی ڕۆژئاوا و بەرەی دژەڕۆژئاوایە. ئەمە تەنها کێشەی ئەمریکا و ئێران نییە، بەڵکوو بەریەککەوتنی دوو جیهانبینییە: لەلایەک ئایدیای دەوڵەت-نەتەوە، سەروەریی نەتەوەیی، سنووری یاسایی، ئازادیی سیاسی و سیستەمی نێودەوڵەتی؛ لەلایەکی تر پڕۆژەکانی دژەدەوڵەت-نەتەوە، ئیخوانولموسلمین، جیهادی جیهانی، تێرۆریزمی ئیسلامی و چەپی توندئاژۆ. ئەم هێزانە، هەر یەک بە زمان و پاساوی خۆی، هەوڵیان داوە بنەمای دەوڵەت-نەتەوە و سەروەریی نەتەوەیی لاواز بکەن.

بازنەی دووەم، ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانە. لەم ئاستەدا، هەر لایەنێک بەرژەوەندیی ڕوونی دەوڵەتی و نەتەوەیی خۆی هەیە. ئەمریکا دەیەوێت هاوسەنگیی هێز و سیستەمی بەرژەوەندیی خۆی لەسەر بنەمای "ئەمریکا لەپێش هەموانەوە" لە ناوچەکەدا بپارێزێت. ئیسرائیل هەڕەشەی ئێران، تۆڕە میلیشیاییەکانی و پڕۆژەی ناوکی و مووشەکیی ئەو دەوڵەتە وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت. ئێرانیش دەیەوێت، بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیا، میلیشیا، توندوتیژی و دەستێوەردان، شوێنی خۆی وەک هێزی هێژمۆن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت.

بازنەی سێیەم، گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەیە. ئەم ململانێیە داهاتووی عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، کەنداو، تورکیا و کوردستان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. ئەگەر ئێران بەهێز بمێنێتەوە، دەستێوەردانەکانی لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن بەردەوام دەبن و هەر پرۆژەیەکی کوردی دەکەوێتە ژێر گوشاری زیاترەوە. ئەگەر ئێران لاواز بکرێت، دەرگایەک بۆ گۆڕانی هاوکێشەی هێز دەکرێتەوە؛ دەرگایەک کە کورد دەبێت بەرنامەی هەبێت بۆ بەکارهێنانی.

لە ناو ئەم سێ بازنەیەدا، کوردستان نابێت خۆی وەک تەماشاکەر ببینێت. کوردستان تەنها خاکێکی دابەشکراو نییە؛ پرسێکی سیاسی، نەتەوەیی و مێژووییە. هەر خوێندنەوەیەک کە ئەم پرسە لە ناوەندەوە بخاتە پەراوێز، لە کرداردا دۆخی ئێستای دابەشبوون و بێدەوڵەتی دەپارێزێت.

 

پرسی کوردستان وەک پێوەری سەرەکی

 

لە خوێندنەوەی کوردستانیدا، پرسیارەکە نابێت تەنها ئەوە بێت کە کام ڕێگا گرژییەکان کەم دەکاتەوە، یان کام ڕێککەوتن بازاڕ، نەوت و دیپلۆماسی دەبووژێنێتەوە. ئەو پرسیارانە گرنگن، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی پرسی کوردستاندا دابنرێن، دەبنە پرسیارگەلێکی نەقوستان و کەموکورت. پێوەرە سەرەکییەکە ئەمەیە: کام هەڵوێست کورد لە ئامرازی دەستی دەوڵەتان دەگۆڕێت بۆ فاکتەرێکی خاوەن دەنگ و خاوەن ڕۆڵ؟

پرسی کوردستان پرسێکی ناوخۆییی هیچ یەکێک لە دەوڵەتانی داگیرکەر نییە. ئەوەی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا هەموو جارێک هەوڵیان داوە پرسی کوردستان وەک پرسێکی ناوخۆیی پیشان بدەن، بەشێکە لە ستراتیژیی بێدەنگکردنی کورد و بێناوەرۆککردنی پرسی کوردستان. لە ڕاستیدا، بێدەوڵەتیی کورد بەرهەمی هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووە؛ بۆیە چارەسەریش بەبێ گەڕاندنەوەی پرسەکە بۆ ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناکرێت.

لەوەوە، هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران کە پرسی کوردستانی تێدا نەبێت، لە دیدی کوردستانییەوە ڕێککەوتنێکی نەک نەقوستان بەڵکوو دژی داهاتووی کوردستانە. ئەگەر ڕێککەوتنێک ئێران لەژێر گوشار دەرباز بکات، ئابوورییەکەی بگەڕێنێتەوە، ڕەواییەکی نوێ بە پڕۆژەی ناوچەیییەکەی ببەخشێت، بەڵام هیچ گۆڕانێک لە دۆزی سیاسی-نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست نەکات، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە نابێت بە ناوی ئاشتی پیرۆز بکرێت. ئاشتییەک کە داگیرکاری دەپارێزێت، بۆ نەتەوەی داگیرکراو تەنها ناوی نوێی بەردەوامیی داگیرکراوییە.

هەڵوێستی کورد دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە ڕوون بێت: هەر گۆڕانێکی ناوچەیی، هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و هەر هاوسەنگییەکی نوێی هێز، دەبێت لە ڕووناکیی کاریگەرییەکەی لەسەر پرسی کوردستان هەڵبسەنگێندرێت. ئەگەر ئەم پرسە بەهێز دەکات، دەبێت بەشێک بین لە داڕشتنی؛ ئەگەر لاوازی دەکات، دەبێت بە ڕوونی دژی بوەستینەوە.

 

هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی و کێشەی خوێندنەوەی ئێران-تەوەر

 

لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەدا، وتار و هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ نە لەبەر ئەوەی تەنها ڕای کەسێکی سیاسییە، بەڵکوو چونکە نموونەیەکە لەو خوێندنەوەیەی کە کوردستان لە ساتێکی چارەنووسسازدا دەخاتە پەراوێز و ئێران دەکاتە ناوەندی لێکدانەوە. لە وتارەکەیدا، قوباد پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێککەوتن دەبێت لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بێت و نابێت لایەنی سێیەم ڕێککەوتنەکە تێک بدات. هەروەها هۆشداری دەدات کە -کوردانی ئێران- نابێت وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران بەکاربهێنرێن.

لە ڕووکاردا، ئەم قسانە وەک بانگەوازێک بۆ ئاشتی، ئارامی و پاراستنی کورد لە قوربانیبوون دەردەکەون. بەڵام خوێندنەوەی ستراتیژیک پێویستە لە ڕووکار تێپەڕێت. پرسیار ئەمەیە: کام جۆر ئاشتی؟ کام جۆر ڕێککەوتن؟ و بە چ نرخێک؟ ئەگەر ڕێککەوتنێک ئێران بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان و بەبێ شکاندنی پڕۆژەی میلیشیایی و فراوانخوازییەکەی دووبارە وەک هێزێکی ئاسایی ناوچەیی بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوە لە دیدی کوردستانییەوە سیاسەتێکی ژیرانە نییە؛ خۆدزینەوەیە لە ساتی بڕیار.

ئەم ڕەخنەیە لە قوباد تاڵەبانی ڕەخنەیەکی کەسی نییە. ڕەخنەیە لە مێتۆدی بیرکردنەوەیەک کە هەموو جارێک کورد لە بەردەم ساتی بڕیاردا دەخاتەوە ناو خانەی چاوەڕوانی، خۆپاراستن، و هاوسەنگیی ساختە. ئەم مێتۆدە بە ناوی واقیعبینی دەدوێت، بەڵام لەبیر دەکات کە واقیعی کوردستان خۆی دۆخێکی نادادپەروەرانەیە. پاراستنی ئەم واقیعە واتە پاراستنی دابەشبوون، بێدەوڵەتی، سەرکوت و پەراوێزخستن.

خوێندنەوەی ئێران-تەوەر پرسیار ناکات کوردستان چ دەکات، بەڵکوو پرسیار دەکات چۆن ئێران لە قەیران دەرباز دەکرێت. پرسیار ناکات کوردانی ڕۆژهەڵات چ مافێکی سیاسییان دەبێت، بەڵکوو نیگەرانی ئەوەیە کە نەبنە ئامرازی فشار بۆ گۆڕینی ڕژێم. بەڵام خوێندنەوەی کوردستانی پرسیارەکە بە تەواوی دەگۆڕێت: ئایا دەکرێت ئێران، بەبێ گۆڕانی بنەڕەتی لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان، وەک هێزێکی ئاسایی وەرگیرێتەوە؟

وەڵامی کوردستانی دەبێت ڕوون بێت: نەخێر. هەر ڕێککەوتنێک کە ئێران بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان و بەبێ وەستاندنی پڕۆژەی ناوچەیییەکەی دووبارە بەهێز بکات، لە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردستانە.

 

ئیسرائیل؛ لە “لایەنی سێیەمی تێکدەر”ەوە بۆ فاکتەری ستراتیژیک

 

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی وتارەکەی قوباد تاڵەبانی چەمکی “لایەنی سێیەمی تێکدەر”ە. ئەو دەڵێت ڕێککەوتن دەبێت لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بێت و نابێت لایەنێکی تر بتوانێت ئەو ڕێککەوتنە تێک بدات. هەرچەندە ناوی ئیسرائیل بە ڕاستەوخۆ ناهێنرێت، بەڵام لە کۆنتێکستی ململانێی ئێران، ئەمریکا و ناوچەکەدا، ئەو “لایەنی سێیەم”ە بە زۆری ناتوانێت شتێکی تر بێت جگە لە ئیسرائیل؛ دەوڵەتێک کە هەڕەشەی ئێران، میلیشیاکانی و پڕۆژەی فراوانخوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک مەترسییەک لەسەر بوونایەتیی خۆی دەبینێت.

لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەمەیە: ئایا لە دیدی کوردستانییەوە، ئیسرائیل دەبێت وەک ڕێگر لە ڕێککەوتن بخوێندرێتەوە، یان وەک فاکتەرێک کە ڕێگری دەکات لەوەی ئێران جارێکی تر بە شێوەیەکی نوێ و بە ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە ناو سیستەمی هێز لە ناوچەکەدا؟

ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە. خوێندنەوەی یەکەم، خوێندنەوەیەکی ئێران-تەوەرە: بنەمای ئەو خوێندنەوەیە ئەوەیە چۆن ڕێککەوتنێک بکرێت کە ئێران تێیدا ڕازی بێت، ئابوورییەکەی بگەڕێتەوە، و وەک یاریزانێکی ئاسایی وەرگیرێتەوە. خوێندنەوەی دووەم، کوردستان-تەوەرە: پرسیار دەکات ئایا ئاساییبوونەوەی ئێران بە قازانجی ئەو نەتەوە و خەڵکانەیە کە لەژێر دەستی ئێران و پڕۆژەی ناوچەیییەکەیدا لە سەروەری بەسەر خۆیاندا بێبەش کراون؟

لە دیدی کوردستانییەوە، ئیسرائیل نابێت تەنها لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی عەرەبی، ئیسلامی یان ئێرانی بخوێندرێتەوە. ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی نەتەوەییە، هێزی سەربازی و سیستەمی ئەمنیی بەهێزی هەیە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی دژەڕۆژئاوا، تێرۆریزمی ئیسلامی و پڕۆژەی فراوانخوازیی ئێران لە ململانێدایە. بایەخی ئیسرائیل بۆ کورد تەنیا لە هاوسۆزیی مێژوویی یان هەستێکی ئەخلاقییەوە ا سەرچاوە ناگرێت؛ بەڵکوو لەوەوە دێت کە ئیسرائیل، بە پێی بەرژەوەندیی ستراتیژیکی خۆی، لاوازبوونی ئێران و شکاندنی بازنەی میلیشیایییەکەی بە پێویست دەزانێت.

ئەمە بۆ کوردستان گرنگە، چونکە هەر هاوسەنگییەک کە ئێران تێیدا وەک هێزێکی ناوچەیی بەهێز و ڕەزامەندکراو بمێنێتەوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرسی کوردستان لاواز دەکات، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئێران تەنها دەوڵەتێکی دراوسێ نییە؛ یەکێکە لە سەرەکیترین دەوڵەتانی دابەشکەری کوردستان، سەرکوتکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و بەرهەمهێنەری تۆڕە میلیشیاییەکان لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن. بۆیە هەر ڕێککەوتنێک کە ئێران لەو ڕۆڵەدا پارێزێت، لە دیدی کوردستانەوە نابێت بە ناوی ئاشتی پیرۆز بکرێت.

لەو شوێنەدا بایەخی ڕۆڵی ئیسرائیل دەردەکەوێت. ئیسرائیل، بە پێچەوانەی زۆر لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، هەڕەشەی ئێران و میلیشیاکانی وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت، نەک تەنها وەک فایلی دانوستان. ئەمە وادەکات ئیسرائیل لە هاوکێشەی ناوچەکەدا فاکتەرێکی فشار بێت بۆ ئەوەی ئێران نەبێتەوە بە دەوڵەتێکی بەهێزی ڕەزامەندکراو، بەڵکوو ناچار بکرێت تێچووی پڕۆژەی فراوانخوازیی خۆی بدات.

کاتێک قوباد تاڵەبانی لە “لایەنی سێیەمی تێکدەر” و “ڕێگری لە ڕێککەوتن” دەدوێت، پێویستە پرسیارێکی بنەڕەتیی ڕووبەڕوو بکرێتەوە: ئەو ڕێککەوتنەی ئیسرائیل گوایە ڕێگری لێ دەکات، لە کۆتاییدا بۆ کێ باشە؟ ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە ئێران لەژێر فشار دەربهێنێت، ڕەواییەکی نوێ بە پڕۆژەی ناوچەیییەکەی ئێران دەدات و پرسی کوردستان جارێکی تر نادیدە دەگرێت. کەواتە ڕێگری لەو جۆرە ڕێککەوتنەدا لە دیدی کوردستانییەوە نابێت لەخۆیدا وەک هەڵوێستێکی نەرێنی بخوێندرێتەوە.

لە دیدی کوردستانییەوە، ئیسرائیل “لایەنی سێیەمی تێکدەر” نییە؛ فاکتەرێکی ستراتیژیکە لە هاوکێشەی شکاندنی هێژمۆنی ئێراندا. ئەمە مانای هاوپەیمانیی ڕۆمانتیک، نائاقلانی یان بێمەرج نییە. مانای ئەوەیە کە کوردستان دەبێت بە پێوەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی هاوپەیمان و دوژمن بناسێتەوە، نەک بە پێوەری پڕوپاگەندەی دەوڵەتانی داگیرکەر.

 

بایەخی ستراتیژیکی ئیسرائیل بۆ کوردستان

 

بایەخی ئیسرائیل بۆ کوردستان لە چەند ئاستدا دەردەکەوێت.

یەکەم، ئیسرائیل ڕەنگە تاکە دەوڵەتی ناوچەکە بێت کە لاوازبوونی ئێران و شکاندنی تۆڕی میلیشیایییەکەی بە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی دەزانێت. ئەمە لەگەڵ بەرژەوەندیی کوردستاندا دەگونجێت، چونکە ئێرانی بەهێز یان ئێرانی ئاساییبووەوە، واتە بەردەوامیی گوشار لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوامیی دەستێوەردان لە عێراق و لاوازکردنی هەر پڕۆژەیەکی سەربەخۆی کوردستانی.

دووەم، ئیسرائیل دەستگەیشتنێکی تایبەتی بە ناوەندەکانی بڕیار لە ڕۆژئاوا هەیە. ئەمە بۆ کورد گرنگە، چونکە پرسی کوردستان هەمیشە لە کێشەی نەبوونی دەنگێکی کاریگەر لە ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتیدا گیرۆدە بووە. پەیوەندییەکی ڕوون، ستراتیژیک و خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل و هێزەکانی هاوشێوە، دەتوانێت پرسی کوردستان جارێکی تر بە زمانی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی بخاتە ڕوو.

سێیەم، ئیسرائیل بە بوونی خۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات تێچووی پڕۆژەی ناوچەیی خۆی بدات. ئەگەر ئێران بتوانێت بەبێ تێچووی گەورە، لە لوبنانەوە بۆ عێراق، لە سووریاوە بۆ یەمەن، تۆڕی میلیشیاییی خۆی درێژ بکاتەوە، هیچ هۆکارێک نابێت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. بەڵام ئەگەر لەو بازنانەدا تووشی گوشار و پاشەکشە بکرێت، هەلومەرجێکی نوێ بۆ کوردستان دروست دەبێت.

چوارەم، ئیسرائیل نموونەی دەوڵەتێکە کە لە ناوچەیەکی دوژمنکاردا توانیویەتی سەروەریی خۆی بەهێز بکات، سیستەمی ئەمنیی خۆی دروست بکات، و لەگەڵ ڕۆژئاوا پەیوەندیی ستراتیژیک دابڕێژێت. کوردستان ناتوانێت ئەو نموونەیە بە شێوەیەکی میکانیکی وەرگرێت، بەڵام دەتوانێت لەوە فێر ببێت کە نەتەوەی بچووک یان بێدەوڵەت، ئەگەر بەرنامە، هاوپەیمانی و ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەتوانێت لە پەراوێزەوە بچێتە ناوەند.

لەبەر ئەوە، وتاری کوردستانی دەبێت ئیسرائیل بە زمانێکی نوێ بخوێنێتەوە: نە بە زمانی پڕوپاگەندەی عەرەبی-ئیسلامی، نە بە زمانی سۆزداری و ڕۆمانتیک، بەڵکوو بە زمانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی. پرسیارە ستراتیژیکەکە ئەمەیە: ئایا ئیسرائیل لە هاوکێشەی هێزدا دەتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ لاوازکردنی ئەو سیستەمەی کوردستانی پەراوێز خستووە؟ وەڵامەکە بەڵێیە؛ بە مەرجێک کورد خۆی وەک خاوەن ستراتیژی بناسێنێت، نە وەک پاشکۆی هێزەکانی تر.

 

بێلایەنیی ساختە و زیانی بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت

 

بێلایەنی لە سیاستدا هەمیشە واتای وەستان لە نێوان دوو لایەندا نییە. زۆرجار بێلایەنی واتای پشتیوانی لە دۆخی ئێستایە. ئەمە بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و داگیرکراو ڕاستە. کاتێک نەتەوەیەک لەژێر دەستی دەوڵەتانی داگیرکەردا دابەش کراوە، و یەکێک لەو دەوڵەتانە تووشی گوشار و قەیرانی ستراتیژیک دەبێت، بانگەوازی بێلایەنی زۆرجار واتای ئەوەیە: دۆخی ئێستا مەگۆڕن.

بۆ کوردستان، دۆخی ئێستا دۆخێکی ئاسایی نییە. دۆخی ئێستا واتە کوردستان دابەشکراوی؛ بەشێک لەژێر دەستی ئێرانە، بەشێک لەژێر دەستی تورکیا، بەشێک لەژێر دەستی عێراق، و بەشێک لەژێر دەستی سووریا. لە هیچ یەکێک لەم بەشانەدا پرسی کوردستان بە شێوەیەکی تەواو چارەسەر نەکراوە. بۆیە بانگەوازی پاراستنی دۆخی ئێستا بە ناوی ئاشتی، لە دیدی کوردستانییەوە نابێت بە حیکمەت و ژیری بخوێندرێتەوە.

ئەمە مانای ئەوە نییە کە کورد دەبێت بەبێ حساب و بەرنامە بچێتە ناو هەر جەنگێکەوە. بە پێچەوانەوە، ستراتیژیی نەتەوەیی پێویستی بە وردبینی، هەڵسەنگاندنی تواناییەکان، خوێندنەوەی مەترسی و دیاریکردنی ئاستەکانی هەڵوێست هەیە. بەڵام وردبینی شتێکە و خۆدزینەوە شتێکی تر. خۆپاراستن بێ بەرنامە دەبێتە خۆکوشتنی سیاسی؛ خۆپاراستنی ستراتیژیک ئەوەیە کە نەتەوەکە بزانێت لە کوێدا بێدەنگ بێت، لە کوێدا قسە بکات، و لە کوێدا بەرەی خۆی دیاری بکات.

لە ساتی ئێستادا، دیاریکردنی بەرە بۆ کوردستان زەروورەتە. ئەو بەرەیە دەبێت بەرەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دژی تێرۆریزمی ئیسلامی، دژی میلیشیاکان، دژی پڕۆژەی فراوانخوازیی ئێران، و دژی هەر سیستەمێک بێت کە پرسی کوردستان دەخاتە پەراوێزەوە. لە هەمان کاتدا، دەبێت بەرەی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی لە سەروەری، دەوڵەت-نەتەوە، ئازادیی سیاسی و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەکە بێت.

 

کوردستان و زەروورەتی دیاریکردنی بەرە

 

کورد نابێت لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا وەک نێوەندگیر، چاودێر، یان قوربانی دابنرێت. کورد دەبێت وەک خاوەن پرس، خاوەن خاک، خاوەن مێژوو، و خاوەن مافی سیاسی خۆی دەرکەوێت. ئەمە تەنها بە بانگەشە نابێت؛ پێویستی بە خوێندنەوەی ستراتیژیک، دیاریکردنی بەرە، و داڕشتنی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ هێزە کاریگەرەکانی ناوچە و جیهان هەیە.

بەرەی کوردستانی نابێت بە مانای پاشکۆبوون بۆ هیچ دەوڵەتێک بێت. نە ئەمریکا، نە ئیسرائیل، نە هیچ هێزێکی تر نابێت شوێنی ستراتیژیی نەتەوەیی کورد بگرێتەوە. بەڵام کوردستان ناتوانێت بە تەنهایی لە ناوچەیەکی وەها توند و پڕ لە دوژمنایەتی مافەکانی خۆی بسەپێنێت. بۆیە پێویستی بە هاوپەیمانی هەیە؛ هاوپەیمانییەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دژایەتیی دوژمنی هاوبەش، و هاوکاری بۆ گۆڕانی هاوکێشەی هێز دروست بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل دەتوانێت فاکتەرێکی گرنگ بێت. بەڵام گرنگتر لە ئیسرائیل، خودی خوێندنەوەی کوردستانییە. ئەگەر کورد خۆی وەک نەتەوەیەکی خاوەن ستراتیژی نەبینێت، هیچ هاوپەیمانێک ناتوانێت پرسی کوردستان بەرز بکاتەوە. بەڵام ئەگەر کوردستان بتوانێت پرسەکەی بە زمانی سەروەری، مافی نەتەوەیی، ئاسایشی ناوچەیی و گۆڕانی جیۆپۆلیتیک بخاتە ڕوو، قەیرانی ئێستا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی نوێ.

پرسی کوردستان پێویستی بەوە نییە کە خۆی لەسەر پێوەری دڵخۆشکردنی تاران، بغداد، واشنتن یان هەر ناوەندێکی تر ڕێک بخات. پێویستی بەوەیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی هاوپەیمان و دوژمن بناسێتەوە. هەر هێزێک کە پڕۆژەی داگیرکاری، میلیشیایی، تێرۆریستی و دژەکوردی دەپارێزێت، لە دژی بەرژەوەندیی کوردستانە. هەر هێزێک کە دەتوانێت ئەو پڕۆژەیە لاواز بکات، دەبێت بە خوێندنەوەیەکی ستراتیژیک و نەتەوەیی لەگەڵیدا مامەڵە بکرێت.

 

لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندی هاوکێشە

 

ململانێی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها قەیرانێکی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نییە. ئەمە ساتێکی نوێی ڕێکخستنەوەی هێزە. لە وەها ساتێکدا، نەتەوەیەک کە خۆی تەنها وەک قوربانی ببینێت، جارێکی تر دەبێتە قوربانی. نەتەوەیەکیش کە خۆی وەک فاکتەر ببینێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە لە پەراوێزەوە بچێتە ناوەند.

کوردستان پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون هەیە. ئەو هەڵوێستە نابێت بێلایەن بێت، چونکە پرسی کوردستان بێلایەنی هەڵناگرێت. هەڵوێستەکە دەبێت بڵێت: ئێران دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستانە؛ کۆماری ئیسلامی پڕۆژەیەکی تێرۆریستی، میلیشیایی و فراوانخوازیی ناوچەییە؛ هەر ڕێککەوتنێک کە ئەم پڕۆژەیە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان دووبارە بەهێز بکات، لە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردستانە.

لە هەمان کاتدا، وتاری کوردستانی دەبێت ئیسرائیل لە دەرەوەی پڕوپاگەندەی دژەئیسرائیلیی ئێرانی و عەرەبی بخوێنێتەوە. ئیسرائیل لایەنی سێیەم نییە کە ڕێگری لە ئاشتی بکات؛ فاکتەرێکی ستراتیژیکە کە دەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی ئێران، بەبێ گۆڕانی بنەڕەتی، دووبارە وەک هێزێکی ئاسایی ناوچەیی بگەڕێتەوە. لە دیدی کوردستانییەوە، ئەمە هەڕەشە نییە؛ دەرفەتە، ئەگەر کورد خۆی ئامادەی وەرگرتنی ئەو دەرفەتە بکات.

کاتی ئەوە نییە کورد بە ناوی خۆپاراستن خۆی لە ساتی بڕیار بدزێتەوە. کاتی ئەوەیە کوردستان بەرەی خۆی دیاری بکات: بەرەی دژی ئێرانی داگیرکەر، دژی میلیشیا و تێرۆریسم، دژی ئاساییبوونەوەی هێژمۆنیی ئێران، و لەگەڵ هەر هێزێک کە دەتوانێت هاوکێشەی کۆنی دژ بە کوردستان بشکێنێت.

لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە کورد چۆن لە نێوان هێزەکاندا خۆی بپارێزێت. پرسیارەکە ئەوەیە: کورد چۆن دەبێتە هێزێک کە هێزەکانی تر ناچار بن حسابی بۆ بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە بێلایەنی و چاوەڕوانیدا نییە؛ لە دیاریکردنی بەرە، داڕشتنی ستراتیژی و گەڕاندنەوەی پرسی کوردستان بۆ ناوەندی هاوکێشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color