
تێپەڕین لە دووانە سادەکان
(لێکدانەوەی کورتبینیی سیاسی لە گوتاری "نا بۆ جەنگ"دا)
ڕامبود لوتفپووری
رەوتی ناسراو بە (نا بۆ جەنگ) چەندین جار کەمبوونەوەی گرژییەکان یان ئاگربەستە کاتییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێران وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییھاتنی قەیرانی شەڕ و دروستیی بانگەشە و شرۆڤەکانی خۆی لێکداوەتەوە. ئەمە شیکارییەکە کە زیاتر لەوەی پشت بە راستییە مەیدانییەکان ببەستێت، رەنگدانەوەی وەهمێکی ئایدۆلۆژیک و ئارەزوویەکی ئەخلاقییە.
لەکاتێکدا ناکۆکییە قووڵە سیاسی، ئابووری ، ئایدۆلۆژی و ناوچەییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە، گریمانەی کۆتاییھاتنی ململانێکان تەنیا لەبەر راگرتنێکی کاتی، جۆرێکە لە سادەکردنەوەیەکی گەشبینانە. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، ئاگربەست زیاتر لە وەستانێکی کاتی لە پرۆسەیەکی تەواونەبوودا دەچێت، نەک خاڵی کۆتایی.
ئەگەر بمانەوێت بە نموونەیەکی ڕوون ئەم بابەتە شرۆڤە بکەین، ئەگەری هەڵەبوونی گریمانەی (بەردەوامیی گرژییەکان) هاوتای ئەوەیە بێژین ڕەنگە 5+5 یەکسان نەبێت بە 10 ،ئەمە لە ڕووی تیۆرییەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی لۆژیکیدا نادروستە. لە بەرامبەردا، ئەو گریمانەی کە بانگەشەی کۆتاییھاتنی شەڕەکە دەکات، وەک ئەوە وایە بڵێین 5+5 دەبێتە 8، تێگەیشتنێک کە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ زانستی بیرکاری ناتەبایە و لە چوارچێوەی لۆژیکدا ناگونجێت. کەواتە پرسەکە لەسەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نییە، بەڵکوو لەسەر ئەوەیە کام شیکاری لە راستییەوە نزیکترە و کامەیان تەنیا رەنگدانەوەی وەهم و ئاواتەکانە.
لە لایەکیترەوە، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم رەوتە، جەختکردنەوەیە لەسەر (گۆڕانکاری لە ناوەوە) و پشت بەستن بە هێزە جەماوەرییەکان. ئەم بیرۆکەیە لە ئاستی تیۆریدا جێگەی بەرگرییە، بەڵام لە کردەوەدا بەرەوڕووی سنوور و بەربەستی شێلگیر دەبێتەوە. لە سیستمە ئۆتۆریتەخواز و سەرکوتکەرەکاندا ، نەک هەر دەرفەتی ڕێکخستنی سەربەخۆ بۆ خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان ئێجگار کەمە، بەڵکو هەر هەوڵێکی سەرەتاییش بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە پێکهاتانە بە خێرایی لە بار دەبرێت. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، کۆمەڵگا نەک هەر تێچوویەکی مرۆیی ئێجگار زۆری بێ دەسکەوت دەبەخشێت، بەڵکو بەهۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانەوە، لە رووی سایکۆلۆژییەوە تووشی داڕمانی دەروونی و جۆرێک لە بێهیوایی گشتی دەبێت. دۆخێک کە خۆی دەبێتە هۆی دابەزینی توانای ڕێکخستن و ئامادەیی بۆ چالاک بوونەوە. ئەزموونەکانی ئەم دواییەش ئەو راستییەیان سەلماندووە . بۆ نموونە لە مانگەکانی ڕابردوودا دەزگاکانی سەرکوتی رژیمی ئێران لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا پتر لە چل و پێنج هەزار کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەری مەدەنیان قەڵاچۆ کرد و کەشێکی قوڕسی ترس و دڵەڕاوکێیان بە سەرکۆمەڵگای ئێراندا زاڵ کرد.
ئەم بازنەی سەرهەڵدان، سەرکوت و بێئومێدییە، ڕێک ئەو ئامانجەیە کە زۆربەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بە هۆشیارییەوە بۆ دابەزاندنی زەختە کۆمەڵایەتییەکان و سارد کردنەوەی ئاگری بزاوتە جەماوەرییەکان بەرهەمی دەهێننەوە، ئەویش لەنێوبردنی هیوا بە گۆڕانکارییە. لە بەستێنێکی ئەوتۆدا، ئەم گریمانەی کە گۆڕانکارییەکی تەواو نێوخۆیی بتوانێت بەبێ گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزدا ڕووبدات، جێگەی گومانێکی جیدییە. هەر بۆیە، هەندێک لە شیکارییەکان جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەنەوە کە لاوازکردنی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر لە دەرەوە، دەتوانێت بەستێنێک بخوڵقێنێت کە تێیدا کۆمەڵگا بتوانێت بێتە مەیدان و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەتر بگێڕێت. بە واتایەکیتر، پرسەکە جێگرتنەوەی هێزە ناوخۆییەکان نییە بە هێزی دەرەکی، بەڵکو گۆڕینی باڵانس و ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا دەرفەتی چالاکیی کاریگەر بۆ کۆمەڵگا بڕەخسێت.
لە کۆتاییدا، کورتکردنەوەی پرسەکە بۆ دووانەیەکی سادەی وەک (جەنگ خراپە و گۆڕانکاریی نێوخۆیی باشە) نەک هەر ورد نییە، بەڵکو دەکرێت واقیعی ئاڵۆزی مەیدانەکە بشارێتەوە. هەر رێگەیەک تێچووی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام پشتگوێخستنی سنوور و بەربەستە راستەقینەکانی نێو سیستمێکی سەرکوتکەر، زیاتر لەوەی شیکارییەکی سیاسی بێت، جۆرێکە لە وەهمی ئایدۆلۆژیک و گەشبینییەکی بێ بنەمای ئەخلاقی.
