Kurdistanonline:
بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند "وەزارەتى خوێندنى باڵا پاڵپشت بە یاساى ژمارە 14 بۆ ساڵى 2009 (یاسای هەموارکراوى راژەى مەدەنى ژمارە 25ى ساڵى 1960)ى عێراقى، لەمەودوا فەرمانبەرانى حکوومەتى عێراقى دەتوانن بە مووچەى تەواو لە وڵاتانى دەرەوە درێژە بە خوێندنى دبلۆم و ماجستێر و دکتۆرا بدەن".
د.گۆڤەند حسێن شێروانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى "سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانى کوردستان، لە مانگى ئادارى رابردوو رەزامەندیدا لەسەر جێبەجێ کردنى یاساى ژمارە 14 بۆ ساڵى 2009 یاساى راژەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، کە لە ئەنجوومەنى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق دەرچووە، تێدا هاتووە "هەموو فەرمانبەرێکى خاوەن بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆس و کە دوو ساڵ راژەى حکوومى هەبێت، دەتوانێت مۆڵەتى خوێندن بە مووچەى تەواو بەدەست بهێنێت و لە ناوەخۆ و دەرەوەى عێراق درێژە بە خوێندن بدات". هەروەها ئەوەشى گوت "ئەم بڕیارە تەنیا چینى فەرمانبەرانى حکوومەت دەگرێتەوە".
ئەو بەڕێوەبەرە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەبارەى ئەوەى کە ئەم بڕیارە ئاخۆ قوتابیان و خوێندکارانى دەرەوەى وڵات لە ئێستا و رابردوودا دەگرێتەوە گوتى "ئەم بڕیارە بۆ گشت وەزارەتەکانى سەر بە حکوومەتى هەرێمى کوردستان گشتێندراوە و سەرجەم ئەم قوتابییە خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە پێشتر فەرمانبەر بوونە و لەسەر ئەرکى خۆیان بۆ تەواوکردنى خوێندن چوونەتە دەرەوەى هەرێم، بەڵام بڕیارە لە سەرەتاى مانگى نیسانەوە بچێتە وارى جێبەجێ کردنەوە".
رِاطةياندنى وةزارةتى خويَندنى بالآ و تويَذينةوةى زاستى |