دکتۆر ئازاد عوسمان: لە بارەی یاسا و پرۆسەی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
پ: پەیوەندى دیموکراتى و هەڵبژاردن چیە؟
وەلام: هەلبژاردنی دیموکراتیی واتە هەلبژاردنی گشتیی و ئازاد و نهێنی و ڕاستەوخۆ تەنیا رێگەی دروست و ڕەوایە بۆ گەیشتن بە دەسەلات و بۆ دیارکردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خەلک بۆ پەرلەمان و حکومەت و بۆ بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی.
پ: ئایا لە عێراق بە گشتى و کوردستان بە تایبەتى تا چەند کار بۆ دیموکراتیى کراوە؟
وەلام: لەپاش روخاندنی رژێمی بەعس، لە ئەنجامی جەنگی سێیەمی کەنداو، هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی روخاوی عیراق هەولدەدەن بەیارمەتی هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەولەتی عیراق بەشێوەیەکی نوێ بە پێی پرینسیپەکانی دیموکراتیی و لەسەر بناخەی فیدرالیزم دابمەزرێننەوە، بەلام هەر لەسەرەتاوە گرفت و تەگەرەی زۆر هاتونەتە پێش رێرەوی پڕۆسەی سیاسی عیراقی نوێ. لەم پرۆسەیە دا زۆر هەنگاوی دیموکراتی نراون: وەک: نیمچە ئیدارەی هاوبەش و هەلبژاردنەکان و نووسینی دەستوور بە هاوبەشى و چەسپاندنی دەستوور لە رێگەى ریفراندۆم، بەلام پرۆسەکە کەموکورتیی تێدابووە و کۆسپی ناوخۆیی و دەرەکی زۆریشی لەبەردەم ماوە، بۆیە هێشتا ئەزموونی چەسپاندنی دیموکراتی بەردەوامە.
پ: راتان لەبەرانبەر فرە لیستى وسوود و زیانەکانى چییە؟
وەلام: فرە لیستی لە سیستەمی دیموکراتیی ڕەنگدانەوەی فرە لایەنی و بیروڕا و بەرژەوەندی جودای چین و تویژەکانی کۆمەلگەیە و دیاردەیەکی تەندروستە، بەلام لە پێناوی پاراستنی یەک هەلوێستیی و یەکریزیی گەلی کوردستان، دەکرێت لیستە کوردستانییە براوەکان پاش هەلبژاردن لە یەک فراکسیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دا یەکبگرن، لەسەر بناخەی تەبایی هاوسەنگ، واتە پێکهاتن لەسەر یەکسانی لە بریاردانی سیاسیی و لە گرتنە ئەستۆی بەرپرسیی پۆستە گرنگەکانی ئەنجومەن و هەروەها پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی ئیئتیلافی، ئەگەر فراکسیۆنی کوردستانیی یەکگرتوو هاوپەیمانیی ئیئتیلافیی لەگەل لایەنی سیاسی عیراقی دیکە پێکهێنا.
پ: ئایا لیستەکانى ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن سود لە هەڵەکانى دەسەڵات وەربگرن، یان تەنیا پروپاگەندەى هەڵبژاردنە؟
وەلام: زۆر باش دەتوانن سوود لە هەلە و کەمتەرخەمی دەسەلات و لەو خالانەی مایەی نیگەرانی خەلکن لە دەسەلات وەربگرن، چونکە زوربەی دەنگدەران سەربەخۆن، ئەوانەش لەسەر بناخەی بەرژەوەندی گشتیی: واتە پێداویستە بنەڕەتییەکانی ژیانی رۆژانەی هەستپێکراو و هەستکردن یان نەکردن بە دادپەروەریی کۆمەلایەتی و سەروەریی یاسا ولەبەر ڕۆشنایی رابردوو و لێهاتوویی کاندیدی لیستەکان، نەک بە فەرمان و رێنماییەکانی هێزە سیاسییەکان دەنگ دەدەن. هەر لایەنێکیش پەندی لە هەلبژاردنی ڕابردووی سالی پار وەرنەگرتبێت، زۆر زەرەر دەکات.
پ: ئایا لیستى دەسەڵات بەرنامە و خیتابى خۆى گۆریوە؟
وەلام: مرۆڤ بە گشتیی و دەسەلات و گروپی سیاسیی بەتایبەتی: تەنیا لەسەر بناخەی کردار و ڕفتار لەلایەن خەلکی هەلدەسەنگێندرێن، نەک لەسەر بناخەی گوتار و بانگەشە (ئیدیعا).
پ: لیستەکانى دیکەی عێراق چۆن دەڕواننە کوردستان، کە چەند لیستێک بوونیان هەیە؟
وەلام: لە بەشەکانی دیکەی عیراقیش، واتە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەش بە زۆر لیست دابەزیون.
پ: بارى ئاسایشى هەرێم لەهەڵمەتەکانى هەڵبژاردن دا چۆن دەبینن؟
وەلام: تا ئێستا زۆر باشە.
ئایا هۆشیاریى تاکى کوردى لە ئاستى لیستى کراوە دایە؟
وەلام: لە ڕاستی دا یاسای هەلبژاردن شێوەی لیستی کراوەی تەنیا بۆ کاندیدکردن چەسپاندووە، نەک بۆ تەواوی پڕۆسەی هەلبژاردن! واتە شێوەکە بۆ دەنگدانیش نییە، هەرچەندە پڕۆسەی هەلبژاردن لە دووبەشى بەیەکەوە بەستراو پێکهاتووە واتە کاندیدکردن و دەنگدان، دەنگدانیش ئەگەر گرنگتر نەبێت لە کاندیدکردن ئەوا بێگومان گرنگییەکەی کەمترنییە، بۆیە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەلبژاردن پڕۆسەی دەنگدان لە هەلبژاردن دا بەشێوەی لیستی نیمچە داخراو واتە بە میکانیزمی نیشانەکردنی تەنیا یەک لیست و یەک کاندید ئەنجام دەدات، بە بیانووی سەختیی هونەریی (ێعوبات فنیە)! بەڕای من ئەم مەسەلەیە ئیشکالی یاسایی وسیاسیی تێدایە و بەشی دەنگدان هەلەی زمانەوانیشی هەم لەبارەی داڕشتن و هەم لەبارەی رێزمانی عەرەبیی دا تێدایە، ئیشکالەکەش نەک تەنیا لە مەسەلەی جیاکردنەوەی کاندیدکردن و دەنگدان دایە، بەلکو لە دارشتنی میکانیزمی دەنگدانیش! بۆیە ئەم مەسەلەیە بە ئانقەست و بە شَوەیەکی چەواشەکراوانە بە ناوی لیستی کراوە تێپەڕاندراوە، هەروەک تێپەڕاندنی ناڕەوایی شێوەی سەپێنراو بۆ هەلبژاردن لە پارێزگای لەتلەتکراو و دابەشکراو و بە ناهەق کوردلێکەمکراوەی کەرکوک و ناڕەوایی زیادکردنی کورسی گشت پارێزگا عەرەبییە (سوننی و شیعییەکان) لەسەر بنەڕەتی کارتی خۆراکی ساختە و لەسەر حسێبی رێژەو مافی گەلی کورد! سەبارەت بە هۆشیاریی تاکی کورد، داخوا لە ئاستی لیستی کراوەن، ئەگەر دەنگدان بەو شێوەیە ئەنجام درابوا؟
وەلام: خەلکی ئازادییان پتر دەبوو بۆ هەلبژاردنی نوێنەرانیان بە پێوەری لێهاتوویی کاندیدەکان لە پتر لە لیستێک و پتر لە کاندیدێک، واتە بە پێی کەفائەت و پاکیی و شارەزایی کاندید، هەرچەندە تاکی کورد لەم بوارە تاقیکردنەوەی زۆری نییە، بەلام بێگومان پاش نۆزدە سال لە ئەزموونی خۆبەڕیوەبردن بەتایبەتی لە شارەکان نەفام نییە و سەری لێدەردەچێت، دەزانێت: "کێ بۆ هەریسە هەولدەدات و کێ لە غەمی حوسێنە".
پ: پێتوایە کاندیدەکان لەسەر چ پرنسیپێک کاندید کراون؟
وەلام: بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پرینسیپی نفوزی دەنگی هەلبژاردن و پلەی حزبیی و ناوبانگی باوکیان و ویستی سەرۆکی هێزە سیاسییەکان، نەک بە پێوەری کەفائەت و نەزاهەت و شارەزایی تاک واتە ئاستی لێشەوایەیی پێویستی کاندید بۆ پۆستەکە: کە سێ ئەرکی زۆر گرینگ (یاسادانان، چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و بەشداریی کارا لە وتوووێژوو و دیالۆگی یەکلاکردنەوەی زۆر کێشەی چارونووسساز و مەسەلەی گرنگ) و گفتۆگۆی زۆر سەخت و بەرپرسیارییەکی یەکجار گران و هەستیاریان لەم بوارانەوە کەوتووەتە ئەستۆ، چونکە مەسەلەکە تەنیا نوێنەرایەتی حزبەکان و ئیمتیازاتی پایەی نوێنەر نییە. بەلام هێشتا لە رۆژهەلات بە گشتیی تاک بە پێی کەفائەت و پاکیی و شارەزایی واتە پێوەرە دروستەکانی لێهاتوویی وەک ولاتانی دیموکراتی رۆژئاوا بایەخی پێ نادرێت وکاندید ناکرێت، و هێشتا ئیمتیازاتی شەخسی کاندید و بەرژەوەندی تەسکی هێزە سیاسییەکەی و ئاروزووی سەرکردەی هێزەکەی لەسەروی مەرجی شیاویی کاندید و گرنکیی چارەسەرکردنی کێشە ئالۆزەکان وبەرژەوەندی بالای نەتەوەیی و نیشتمانییە.
پ: بە ڕای ئێوە پێویستە پەیامی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو چۆن بێت؟
وەلام: پێویستە لە نوێنەرەرانی لایەنی عەرەبی بگەیەنن، کە هۆکاری بنەرەتی گرفتی سەرەکی هەلواسراو واتە گرفتی ناوچە دابراوەکان سیاسەتی چەوتی رژێمی بەعس بوو کە سەرچاوەکەی بریتییە لە: بیریی رەگەزپەرستانەی خۆبەزلتر زانینی عەرەب بە گرنگتر دانان لە گەلانی دیکە و ڕاهاتن لەسەر عەقلیەتی داگیرکردنی خاکی گەلانی دیکە وەک ئەوەی حەلال بێت بۆ وان، و دەبێت بێ باکانە و بێ سلەمینەوە و بە ڕاشکاوی تێبگەیەندرێن، کەوا ئەگەر بیانەوێت گرفتە هەلواسراوەکان چارەسەر بکرێن، دەبێت بزانن کەوا ئەو گرفتانە و گشت کێشەیەکی دیکە تەنیا بە رێزگرتن لە ماف و تایبەتمەندیی ڕەوای یەکدی و لە خاکی باوک و باپیرانی یەکدی و لەرێگەی دیالۆگی شارستانیانە و بە پشتبەستن بەو دەستوورەی نزیکەی 80% خەلکی هەموو عیراق پەسەندیان کردووە، بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانە چارەسەر دەکرێن، ئەگەر نا گرفتەکان ئالۆزتر وپتر دەبن و ئاسایش سەقامگیر نابێت و دراوسێکانی عیراق پتر دەست لە کاروباری ولات وەردەدەن و بارودۆخی ولات زیاتر دەشێوێ و ئاسۆی دوارۆژ لە پێکەوە ژیان روون نابێت.
دکتۆر ئازاد عوسمان / مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و ڕمیاریی / زانکۆی سەلاحەددین |