ئه‌و ده‌مه‌ی منداڵێك پاش هه‌ڵاتنی له‌ده‌ست پۆلیسێك چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمه‌تی زلله‌كانی باوكێتی! |
|
2010-02-03 03:02 |
گوزه‌رێك به ناو ژیانی منداڵانی ئیشكه‌ردا ..... له‌نگه‌رێك له‌پاڵ به‌سه‌رهاته‌كاندا
گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور
ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی هاوڕێم خێرا خۆی كرد به‌ژووره‌كه‌مداو به‌ڕووخسارێكی تێكچووه‌وه بێ سڵاو كردن پرسی "گه‌رمیان كامێراكه‌ت پێیه؟" به‌نه‌خێر وه‌ڵامم دایه‌وه‌و كه‌وتمه به‌ر ڕه‌خنه‌و بۆڵه‌بۆڵه‌كانی "تۆكه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی؟ ئاخر چۆن كامێرات پێی نییه؟"!!
ده‌ی با تێبگه‌م چی بووه؟ سه‌باحی هاوڕێم كه بۆ خۆی چه‌ند ساڵێك له لانه‌ی منداڵانی كوردستان ئۆفیسی كه‌لار كاریكردووه‌و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه به‌رگری له مافه‌كانی منداڵان ده‌كات و ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیشه‌ی مامۆستایه كاری ڕۆژناگه‌ری ده‌كات، پێی وتم وه‌رده‌ره‌وه بزانه چی ئه‌بینی؟! منداڵك كه عه‌ره‌بانه‌یه‌كی ده‌ستگیڕی پێ بوو پۆلیسه‌كانی لیژنه‌ی ئه‌منی به‌دوای كه‌وتن و ئه‌میش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ده‌ستیان و عه‌ره‌بانه‌كه‌ی ده‌ستی به‌سه‌را نه‌گیرێت و له‌ماڵه‌وه‌ش به‌ر ڕه‌حمه‌ته‌ی ئیدانه كردن و لێدانه‌كانی باو كی نه‌كه‌وێت هه‌ر وه‌كو دزیی له بانكێك كردبێت وله ده‌ست پاسه‌وانه‌كان هه ڵبێت، به‌عه‌ره‌بانه‌كه‌وه هه‌ڵات و پۆلیسه‌كانیش دوای كه‌وتن، به‌ڵام عه‌ره‌بانه‌كه‌ی به‌لادا كه‌وت و هه‌موو خه‌یاره‌كه‌ی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی ڕژرا.
فریادی ته‌مه‌ن یازده ساڵ كه به‌ڕووخسارێكی خه‌مناك و پڕله‌ترسه‌وه به‌دیار خه‌یاره ڕژاوه‌كه‌ی و عه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌وه وه‌ستابوو هیچی پێ نه‌ده‌وترا، جار به‌جار یه‌ك دوو خه‌یارێكی هه‌ڵده‌گرته‌وه هه‌رچی پرسیارم لێده‌كرد وه‌ڵامی نه‌بوو ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه وتی "ته‌مه‌نم یازده ساڵه" و ناوی خۆشی پێ نه‌وتین "له ترسی ماڵه‌وه"، ڕازی بوو به‌وه‌ی ناوی فریادی بۆ دابنێین، هه‌ر به‌دیارییه‌وه وه‌ستابووین و خه‌ریكی وێنه‌گرتنی دیمه‌نه نه‌خوازراوه‌كه‌ی ئه‌و بووین به كامێرای مۆبایله‌كانمان، له‌و كاته‌دا، هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌شتنی منداڵێكی كه‌مێك له‌خۆی گه‌وره‌تر واته ئیشكه‌رێكی تری گوزه‌ره‌كه‌یدا، پۆلیسه‌كانی لیژنه‌ی ئه‌منیش گه‌شتنه ئه‌وێ و قیڕاندیان به‌سه‌ر فریاددا به‌وه‌ی كه هه‌وڵی هه‌ڵاتنی داوه له‌ده‌ستیان، هاوڕێكه‌ی فریادیش كه ئه‌و دیمه‌نه ته‌واو نیگه‌رانی كردبوو به‌ده‌نگی به‌رز ئه‌یوت "ئه‌مانه ته‌نها بۆ بێده‌سه‌ڵاته‌كان ئازان"
ئه‌وه‌ی كه منی نیگه‌ران كردبوو ئه‌وه نه‌بوو كه بۆچی ئه‌م منداڵانه كار ده‌كه‌ن چونكه من و ده‌یان ڕۆژنامه‌نووسی تر ناتوانین به‌ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژو وتار نوسین ئه‌و دیارده نه‌هێڵین به‌ڵكو ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی فریاد منیشی نیگه‌ران كردبوو كه له ترسی ئیدانه كردنه‌كانی باوكی ترس له لێدان و زلله‌و تێهه‌ڵدانه‌كانی باوكی كه ئه‌گه‌ر ببیستێته‌وه چی به‌سه‌ر دێنێت، فرمێسك له چاوه‌كانیدا قه‌تیس مابوو! "ناوی خۆم نایه‌ژم....... باوكم بزانێ هه‌ر ئه‌مكوژێ" ئه‌م دێڕه ئه‌وه‌ی بیر خستمه‌وه كه ئێوارانێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له ناوجه‌رگی بازار وه‌ستابووین له‌و كاته‌دا ده‌نگی گریانی منداڵێك كه تێكه‌ڵ بوو به "تووخوا باوكه توخوا باوكه"ی ئه‌و و "ئه‌وه چی بوو و ئه‌وه‌ی چییه‌و ئه‌وه كێیه"ی خه‌ڵكه‌كه گفتوگۆكه‌ی پێ بڕین و نزیك تربووینه‌وه دیتمان باوكێك له‌منداڵه ته‌سبیح فرۆشه‌كه‌ی خۆی ده‌دات به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ش مافیان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو "كابرا منداڵی خۆیه‌تی و لێی ده‌دات، بزانه چی كردووه" به‌رپرسێكی لانه‌ی منداڵان و جێگری داواكاری گشتیش له‌و نزیكانه بوون، پاش تۆزێك له‌وه‌ستان جارێكی تر باوكه‌كه كه‌وته‌وه لێدانی منداڵه‌كه‌ی و گوێی به‌قسه‌كانی داواكاری گشتی (كه له‌وێ ته‌نها هاوڵاتییه‌كه) نه‌دا ئێمه‌ش كه‌وتینه پرسیاركردن ئاخۆ بزانین ئه‌و كابرا شێته یان چ كارێكی به‌سه‌ر ئه‌و منداڵه‌وه و بۆچی لێی ده‌دات؟ چونكه تا ئه‌و كات نه‌مانزانی باوكێتی و له‌به‌ر ئه‌وه لێیداوه كه منداڵه ته‌سبیح فرۆشه‌كه‌ی پاره‌ی لێ دزراوه، له‌و كاته پۆلیس گه‌شتن و باوكه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان برد كه جێگره‌كه‌ی داواكاری گشتی داوای كردبوون، له‌و كاته‌دا ئه‌و منداڵه زۆر خراپتر له‌وه‌ی كه باوكی لێی ده‌دا ده‌نگی لێ به‌رزبووه‌و هاواری ده‌كرد "باوكم به‌رده‌ن، توخوا باوكم به‌رده‌ن" خه‌ڵكه‌كه‌ش پێیان ووت "ئه‌و له‌سه‌ر لێدانه‌كانی تۆ گیرا "ڕووی له پیاوێكی تاڕاده‌یه‌ك ته‌مه‌ندار كرد‌و وتی "ئاخر وه‌ڵاهی ئه‌گه‌ر قسه‌ی پێ بكه‌ن له‌ماڵه‌وه هه‌ر ئه‌مكوژێت....".
داڕشته‌نه‌كه له چیرۆك ئه‌چێ، به‌ڵام ئه‌مه چیرۆك نییه، ئه‌مه سه‌ربوورده‌ی ئه‌و منداڵانه‌یه كه جگه‌له ئیشكردنیان، خه‌مێكی تر به‌رۆكیان ده‌گرێت ئه‌ویش ترسه گه‌وره‌كه‌ی ماڵه‌وه‌و ڕه‌حمه‌تی ئافاته‌كانی به‌خێوكه‌رانیانه.
لێره‌وه پێویسته باسه‌كه ده‌ست پێ بكه‌ین.
كاركردن پێویستییه یان مه‌به‌ستێكی تری به‌خێوكه‌ره
باوكێك كه خاوه‌نی سێ خان‌و و دوو عه‌رزه‌یه‌و ڕۆژانه‌كه‌ی 75 هه‌زاردیناره‌و به وته‌ی خۆی "پێویستی به‌پاره نییه" دوو منداڵه ته‌مه‌ن 11ساڵ و نۆ ساڵه‌كه‌ی به عه‌ره‌بانه‌یه‌كه‌وه له ناو كۆڵانه‌كان نانه‌ڕه‌ق ده‌كرن و ده‌یفرۆشنه‌وه، ئه‌و باوكه پێی وتم "منداڵه‌كان خۆیان حه‌زده‌كه‌ن كار بكه‌ن ئینجا منیش حه‌زه‌كه‌م كار بكه‌ن شكور بۆ خوا پێویست به پاره نییه، به‌س توخوا لێیان گه‌ڕێم له ناو مناڵا شه‌ڕه‌شه‌ق بكه‌ن باشه یان فێری كه‌سابه‌ت بن بۆ خۆیان، باله ئێستاوه فێری كار كردن ببن و خوێڕی ده‌رنه‌چن"، به‌ڵام ئاخۆ كه‌سێك هه‌یه پێویستی به پاره‌ی منداڵه‌كه‌ی بێتی كه كاری بۆ بكات و بژێوی ژیانی دابین بكات؟
ئاریان ڕه‌ئوف به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مافی مرۆڤ له گه‌رمیان له‌و باره‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه " زۆر به‌ی خێزانه‌كان باری داراییان له‌و ئاسته‌دا نییه كه پێویستیان به كارپێكردنی منداڵه‌كانیان، به‌ڵام بۆ ئه‌وه كاری پێده‌كه‌ن بۆ داهاتووی خۆی بتوانێت كارێك بكات و پشت به خۆی ببه‌ستێت نه‌ك ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی، واته خێزانه‌كه‌ی كارپێكردن به قۆناغی ڕاهێنان داده‌نێت بۆ ئاینده‌ی منداڵه‌كه‌ی"
توێژه‌رێكی ده‌روونی كاركردن به منداڵان به دوو جۆر دابه‌ش ده‌كات، نیشتمان جه‌میل ئێژێ " ئێمه دوو جۆر منداڵمان هه‌یه، منداڵێك كه به‌زۆر كاری پێ ده‌كرێت، منداڵێكیش كه بۆ خۆی كار ده‌كات، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ناڕسته‌وخۆ فشاری ماله‌وه‌ی له‌سه‌ره، منداڵان له‌قۆناغێكدا نین كه هیچ تموحێكی ماددییان هه‌بێت، به‌ڵام به‌شێك له منداڵان له‌ماڵه‌وه وایان لێ ده‌كرێت كه بۆ خۆیان تموحێك بخرێته به‌رده‌ستیان واته ناڕاسته‌وخۆ ماڵه‌وه‌ی كاری پێ ده‌كات"
كاریگه‌ری كارپێكردن له سه‌ر منداڵ
به‌رپرسه‌كه‌ی مافی مرۆڤ له‌م ڕووه‌وه ووتی "كاركردن به‌منداڵ كاریگه‌ری ده‌روونی خراپی له‌سه‌ر منداڵه‌كه ده‌بێت به‌تایبه‌ت كاتێك منداڵێك سه‌یر ده‌كات دراوسێكه‌شی له ڕوویی داراییه‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی خۆی جیاوازی نییه كه منداڵه‌كه‌ی ئه‌وان خۆشگوزه‌رانتره‌و كارناكات و هه‌لی خوێندنی زیاتره‌و به‌شداری چالاكییه‌كانی ڕۆژانه‌ی منداڵان ده‌كات له سه‌نته‌ره‌كان و شوێنه‌كانی تایبه‌ت به منداڵان و ئه‌م لێیان بێ به‌شه، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونی زۆر خراپی هه‌بێت"
له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه پسپۆرێكی بواری كۆمه‌ڵناسی پێی وایه كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه له سه‌ر خودی منداڵان دواتر گه‌وره بوونیشیان، مامۆستا سه‌رحه‌د محه‌مه‌د مامۆستای كۆمه‌ڵناسی له كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی كه‌لار ووتی " كاریگه‌ری ئیش كردن له‌سه‌ر منداڵانی ئیشكه‌ر چ له كاتی خۆیداو چ له‌كاتی گه‌روبوونیدا گه‌لێك ده‌ره‌نجامی خراپی له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه لێ ده‌كه‌وێته‌وه، منداڵی ئیش كه‌ر زۆر جار له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كرا ده‌كات كه خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی باش نین ئه‌مه‌ش واده‌كات به تێكه‌ڵ بوونیان یان به كاركردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه تووشی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی بن"
ئه‌مجامه‌كانی توێژینه‌وه‌یه‌ك
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی له‌سه‌ر منداڵانی كار پێكراو له‌گه‌رمیان كه هیوا محه‌مه‌د ئه‌نجامی داوه چه‌ند لایه‌نێكی وه‌كو هۆكار بۆ كارپێكردن باس كردووه له‌وانه (هۆكاری كه‌لتووری،هۆكاری ئابووری، هۆكاری بازرگانی، هۆكاریكۆمه‌ڵایه‌تی، هۆكاری ئه‌نفال و ڕووخانی گونده‌كان،نه‌بوونی چاودێری خێزانهۆكاری ده‌روونی).
به پێی توێژینه‌وه‌كه 30%ی منداڵانی ئیشكه‌ر له خوێندن دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، 10%باوكیان نییه‌و نزیكه‌ی 4%یشیان دایكیان نه‌ماوه 3% كاری ده‌ستگێر ده‌كه‌ن و 39%ی تریان شاگردی ده‌كه‌ن و نزیكه‌ی 2%یشیان شوان و گاوانن 23% له 1_4 كاتژمێر كارده‌كه‌ن و 20%یش زیاتر له 12 كاتژمێر كارده‌كه‌ن هه‌روه‌ها 39،5%پاره‌كه‌ی هیچی بۆ خۆیان نییه‌و له‌به‌رامبه‌ردا 49% نیوه‌ی بۆ خۆیانه‌و 15،5%ی تریشیان هه‌موو پاره‌كه‌یان بۆ خۆیانه هه‌ر به پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه 34،5% كاری قورس ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌شی زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه كه 50% ئه‌و منداڵانه له‌لایه‌ن دایكان و باوكانیانه‌وه ده‌نێردرنه به‌ر كاركردن11%ی تریشیان ئه‌ندامانی تری ماڵه‌وه‌یان ده‌یان نێرن هیچ منداڵێكیش ڕۆژانه‌كه‌ی له 10هه‌زار تێپه‌ڕناكات.
به‌كار هێنان بۆ كاری سێكسی
زۆر جار سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه تۆمار كراوه كه منداڵانی ئیشكه‌ر له‌لایه‌ن خاوه‌ن كار یان كه‌سانی تره‌وه به زۆر یان به پێدانی بڕێك پاره ئیستغلال ده‌كرێن بۆ كاری سێكسی یان زۆر جار ئه‌و ئه‌و منداڵا به شاراوه‌یی ده‌یهێڵنه‌وه و باسی ناكه‌ن هه‌ندێك جاریش ڕه‌نگه‌وه‌كو خوویه‌كی لێ بێت له‌لایه‌ن ئه‌و منداڵانه‌وه كه به‌كا ئه‌هێنرێن.
ئاریان ڕه‌ئوف له باره‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه ئێژێ " من بۆ خۆم نه‌مبیستووه واته منداڵێك نه‌هاتووه‌ته‌لام كه ئیستغلال كرابێت بۆ كاری سێكسی، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ش هه‌بووبێت ئه‌گه‌ر نه‌شبووبێت به دڵنیاییه‌وه ڕوو ده‌دات چونكه ڕه‌نگه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ی هه‌ست به ته‌ماعی زیاتر بكات، دواجار ڕه‌نگه قوربانیان شته‌كه‌یان لا ئاسایی بێته‌وه‌و بیكه‌ن به خوو"، به‌ڵام مامۆستا سه‌رحه‌د ئاماژه به‌وه ده‌كات كه " زۆرجار ئه‌و مندڵانه تووشی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌بنه‌وه "
په‌نا بردن بۆ سواڵ كردن
مامۆستا سه‌ر حه‌د باس له‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌و منداڵانه زۆر جار تووشی زه‌ره‌ر كردن ئه‌بنه‌وه له‌و شتانه‌ی كه ئه‌یفرۆشن و ئه‌مه‌ش واده‌كات له ترسی ماڵه‌وه په‌نابه‌رنه‌ر سواڵ و ئێژێت " ئه‌و منداڵانه كه ده‌نێردرنه به‌ر كاركردن له‌ماڵه‌وه داوای ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت كه ئێواره گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌وه بڕێك پاره‌یان پێ بێت، به‌ڵام هه‌ندێ جار ڕوو ده‌دات منداڵه‌كان ئه‌و شتانه‌ی ده‌یفرۆشن ئه‌گه‌ر خۆیان بیخۆن یان دزیان لێ بكرێت یان فرۆشتنی سارده‌مه‌نییه‌كان بتوێته‌وه‌و به‌هه‌شێوه‌یه‌ك نه‌توانن ئه‌و بڕه پاره‌یه بده‌نه‌وه ماڵه‌وه‌و له ماڵیشه‌وه تووشی لێدان و لێ پرسینه‌وه ده‌بن، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه ئه‌وانه په‌نا بۆ سواڵ كردن ببنه‌و دواجار كه‌سانێكی ده‌رۆزه‌كه‌ریشیان لێ ده‌ده‌چێت"
كاركردن له ده‌ره‌وه‌ی توانا
به‌ڕێوه‌به‌ری مافی مرۆڤ له گه‌رمیان ئاشكرای ده‌كات زۆرجار منداڵ كارێكی پێ ده‌كرێت كه له‌ده‌ره‌وه‌ی توانای جه‌سته‌ی ئه‌وه‌و ئێژێت " من پێم وایه نه‌ك هه‌ر له ڕووی سێكسییه‌وه به‌ڵكو له ڕووی كارپێكردنی قورسیشه‌وه منداڵان ئیستغلال ده‌كرێن، هه‌ندێ جار ده‌بینیت منداڵێك له به‌رده‌ستی وه‌ستایه‌ك كار ده‌كات كاری پێده‌كات كه چوار ئه‌وه‌نده‌ی توانای منداڵه‌كه زیاتر وه‌ستا هه‌یه كارێك كه خۆی ناتوانێت بیكات به‌منداَڵه‌كه‌ی ده‌كات كه بۆی بكات"
لادانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
پسپۆڕه‌كه‌ی بواری كۆمه‌ڵناسی چه‌ند لادانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته ڕوو كه منداڵانی ئیش پێكراو گیرۆده‌ی ده‌بن و وتی "ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مه‌یخۆرو جگه‌ره‌كێش و به‌كارهێنه‌ری ماده سڕكه‌رو هۆشبه‌ره‌كانن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه باكگراوندێكی ئیشكردنیان له مندالێدا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵانه به‌و حوكمه‌ی كه زۆر جار له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی خراپ كار ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه بۆ خۆیان ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ببنه‌وه، كه‌سانێكی توندوتیژیان لێ ده‌رده‌چێت، جگه له‌مانه‌ش كه به‌رتوندو تیژی و لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌بنه‌وه"
منداڵان چی ئه‌ڵێن؟
له میانی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا چه‌ند منداڵێك به ته‌مه‌نی جیاواز له كاری جۆربه‌جۆر دوێنراون كه هه‌موویان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه خۆیان ئاره‌زوویان بۆ كاركردن نییه‌و هه‌ندێكیشیان ره‌تیان ده‌كرده‌وه كه فشاری زۆری ماڵه‌وه له‌سه‌ر بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌یان دانیان به‌وه‌دا ده‌نا له‌ماڵه‌وه زۆر پێویستیان به‌وه نییه كه ئه‌مان كاریان بۆ بكه‌ن به‌ڵام به بیانووی جیاجیا كاریان پێ ده‌كرێت و هه‌ندێكیشیان ئاماژه‌یان به‌وه ده‌دا كه بۆ ڕۆژانه‌ی خۆیان و پێویستییه‌كانی وه‌رزی خوێندن و خه‌رجی ماڵه‌وه كارده‌كه‌ن، هه‌وه‌ك چه‌ند منداڵێكیشیان ئه‌وه‌یان نه‌شارده‌وه كه كاره‌كه‌یان زیاتر له توانای خۆیان به‌ڵام ناچارن و ئه‌بێت كار بكه‌ن، له‌به‌ر درێژ نه‌كردنه‌وه‌ی زۆری بابه‌ته‌كه به پێویستمان نه‌زانی یه‌كبه‌یه‌ك ناو‌و قسه‌كانی هه‌موو ئه‌و منداڵانه بخه‌ینه ڕوو
مافه‌كانی منداڵان چییه؟
ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافه‌كانی منداڵان به بڕیاری 44/25ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 20/11/1989 متمانه‌ی پێ به‌خشرا، به‌ڵام له 2/9/1990 ده‌ست كرا به جێبه‌جێ كردنی و له په‌نجاو چوار مادده پێكدێت.
له ماده‌ی نۆزده ڕێككه‌وتنامه‌كه‌دا هاتووه "ده‌وڵه‌ت ده‌بێت منداڵ بپارێزێ له هه‌موو جۆره به‌د ڕه‌فتاری و لێدان و زۆر لێكردنێك له لایه‌ن باوان و به‌خێوكه‌رانی تری منداڵه‌وه‌و، یارمه‌تی قوربانیانی ئه‌م جۆره كارانه بدات".
به‌م پێیه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌و كارانه‌ی كه به‌زۆر به‌منداڵان ده‌كرێت و ده‌وڵه‌ت له‌م ڕووه‌وه مافه‌كانی منداڵ بپارێزێت.
پسپۆران له ئاماژه‌دان به ده‌ره‌نجامه‌كانی كاركردن به منداڵان جه‌خت له‌سه‌ر دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و ژیانی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ندا ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌م ڕووه‌شه‌وه مادده‌ی بیست و حه‌وتی ڕێككه‌وتننامه‌كه ده‌ڵێ "هه‌موو منداڵێك مافی ژیانێكی گونجاوی هه‌یه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و عه‌قڵیدا بگونجێ ئه‌مه‌ش ئه‌ركی باوانه، ده‌وڵه‌تیش ئه‌بێ یارمه‌تی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه بدات".
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا مادده‌ی سی و دووی رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی منداڵان تایبه‌ت به منداڵی كاپێكراوو ده‌ڵێت "منداڵی ئیشكه‌ر ده‌بێت پارێزراو بێت له ئیستغلالی هه‌رئیشێك مه‌ترسی بۆی هه‌بێت و ڕێگر بێت له گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندن و ته‌ندورستیدا"، ئه‌گه‌ر ئه‌م ماده‌یه به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی كه‌پسپۆران ئاماژه‌یان پێدا نابێت هیچ منداڵێك كار بكات، چونكه ئه‌وان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ر منداڵێك كاری پێبكرێت به‌ده‌ر نییه له‌و گرفتانه‌ی كه له‌م مادده‌یه‌دا ڕێگری لێ كراوه.
ده‌ره‌نجامه‌كانی كارپێكردن
به پرسه‌كه‌ی مافی مرۆڤ كه "ده‌ره‌نجامی كاركردن به منداڵان كاریگه‌ری زۆر خراپی لێ ده‌كه‌وێـه‌وه له ڕووی خوێندنه‌وه ڕه‌نگه دوای بخات، له ڕووی ته‌ندروستی و گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و ته‌ندروستییه‌وه دوای ده‌خات له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه كاریگه‌ری سلبی ده‌بێت، له ڕووی بنیاتی عه‌قلی و گه‌شه‌ی عه‌قلیشه‌وه له هاوڕێكانی خۆی دوای ده‌خات ، هه‌روه‌ها دوای ده‌خات له‌و ئامانجانه‌ی كه هه‌وڵی بۆ ده‌دات له داهاتووی خۆیدا پێی بگات، منداڵێكی توند‌و تیژی لێ ده‌رده‌چێت له نێو كۆمه‌ڵگادا دیاره مه‌به‌ستمان له و منداڵانه كه باری دارایی خێزانه‌كان باشه به‌ڵام ده‌یان خه‌نه به‌ركاركردن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی منداڵانی ئیشكه‌ر له چالاكییه‌كییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له خوێندن و له ڕووی عه‌قڵی و جه‌سته‌ییشه‌وه له‌و منداڵانه لاوازتر ده‌بن كه ناخرێنه به‌ركاركردن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه ئیشی قورس تر ده‌كه‌ن كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌وانه زیاتره كه كاره‌كانیان قورس نییه"
ئاریان درێژه‌ی به‌قسه‌كانی دا‌و وتی "له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه منداڵان نه‌گه‌شتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه بۆ خۆیان تموحی داراییان هه‌بێـ به‌ڵكو ئه‌و منداڵانه له خێزانه‌كیانیانه‌وه ده‌رنێردرنه به‌ركاركردن وابیر ده‌كه‌نه‌وه یان وا گۆشكراوین كه ده‌بێـ منداڵ هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌بێت ته‌ماعی بۆ داهاتووی خۆی هه‌بێت به‌ڵام ئه‌مه كاریگه‌ری ده‌بێت له سه‌ر بنیاتی گه‌شه‌ی منداڵان و ئه‌و منداڵانه‌ی كه كاریان پێ ده‌كرێت، هاوه‌ڵه‌كانی فێری به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت ئه‌بێت و كه‌چی ئه‌میش لێ بێ به‌شه به‌ڵام ئه‌م به هۆی دابڕانی له دنیای ته‌كنۆلۆژیاو ئه‌و یارییه‌انه‌ی كه هاوه‌ڵكی ده‌یكه‌ن و ئه‌م لێ مه‌حروومه وای لێ دێت كه كه‌سێكی شه‌رمن و ترسنۆكی لێ ده‌ربچێت به‌ترسه‌وه قسه له‌گه‌ڵ ده‌رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات به‌ترسه‌وه قسه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه پێی وایه له‌خۆی زیاتر شت ده‌زانێ به‌ترسه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات به‌ترسه‌وه ده‌چێته نێو قوتابخانه‌و به‌رامبه‌ر مامۆستاكه‌ی".
له‌م ڕووه نشیتمان ڕای وایه "ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌شێك له‌وان منداڵی شه‌ڕه‌نگێزو چاوچنۆك و به‌دڕه‌فتاری لێ ده‌رده‌چێت جۆره ڕه‌فتارێك ده‌كات كه هی خه‌ڵكانی سه‌رجاده‌یه‌و زۆر دووره له ته‌مه‌نی ئه‌وه، منداڵێكی جنێوفرۆش و ده‌م پیسی لێ ده‌ده‌چێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی ده‌خوێنن بڕوانه جۆره ڕه‌فتارێك له‌گه‌ڵ مامۆستاكانیان ده‌كه‌ن كه زۆر هه‌رزه‌كارانه‌یه، یان جۆره توانجێك له‌و كچانه ده‌گرن كه هاوپۆلییانن یان له قوتابخانه‌كانیانن، له‌و سه‌رجاده‌و سه‌ركارانه‌وه فێربوون كه تێدا كار ده‌كه‌ن، منداڵانی ئیشكه‌ر به‌شێكیان له خوێندن دابڕاون، به شێكیشیان ئه‌وانه‌ن تاقێك كاریان پێ ده‌كرێـت و تاقێكیش ده‌خوێنن كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ریان ده‌بێت"
ئه‌و توێژه‌ره ده‌روونییه ئاماچه‌ی به هه‌ندێ لادانی تر كرد‌و وتی " له‌كاتی زه‌ره‌ركردن له‌و شتانه‌ی ده‌یفرۆشن یان له‌وكاره‌ی كه ده‌یكه‌ن ترس و له‌ماڵه‌وه واله‌و منداَڵه ده‌كات مندالێكی درۆزن و فێڵباز بێت نه‌ك ته‌نها له ماڵ‌وه به‌ڵكو له گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كانیشی كه‌سێكی فێڵباز بێت"
چاره‌سه‌ر
نیشتمان جه‌میل توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و گرفتانه هۆشیار كردنه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاران به‌پێویست ده‌زانێ و وتی "دایكان و باوكان یان سه‌رپه‌رشتیارانی منداڵان هۆشیار بكرێنه‌وه له باره‌ی مافه‌كانی مندلاًَن و زیانه‌كانی منداڵانی ئیشكه‌ر له ڕووی ده‌روونی و گه‌شه‌ی عه‌قڵی و ته‌ندروستی و گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و لادانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و داهاتووی منداڵ و خووڕه‌وشت و گرنگی دان به ژیانی منداڵان له ڕووی خوێندن و ناردنیان بۆ كازیوه‌و سه‌نته‌رو ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به منداڵان، و موماره‌سه‌كردنی ته‌مه‌نی خۆیان وه‌ك منداڵێك نه‌ك وه‌كو گه‌وره‌یه‌ك؛ و نه‌خستنه ئه‌ستۆی ده‌یان كاری قورسی له توانای منداڵان به‌ده‌ر"
|
|
|
 كۆمێنتی خۆت بنووسه
|