ده‌سپێک | په‌یوه‌ندی | له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌ | ئه‌رشیف Tuesday - 22 Jul 2014
Kurdistan Online
 

چیرۆكی‌ ئه‌و كچه‌ی‌ له‌نه‌جه‌ف رفێنراو له‌كه‌ركوك دۆزرایه‌وه‌

Share/Bookmark
2010-05-25 02:17





 



-awene ئا: بارام‌


 


كچێكی‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف، له‌لایه‌ن باندێكه‌وه‌ ده‌ڕفێنرێت‌و له‌به‌غدا ده‌فرۆشرێته‌ ژنێكی‌ عه‌ره‌بی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ كه‌ركوك، كه‌ كاری‌ بازرگانیكردنه‌ به‌ ئافره‌تانه‌وه‌. ئه‌و كچه‌ش له‌ده‌رفه‌تێكدا هه‌ڵدێت‌و خۆی‌ ته‌سلیمی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش ده‌كاته‌وه‌و پاشتر راده‌ستی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌كرێته‌وه‌.


به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ركوكیش، ئه‌و ژنه‌ له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵی‌ رابردودا كاری‌ بازرگانیكردن‌و له‌وشفرۆشی‌ بووه‌ به‌ژنانه‌وه‌، له‌و كاره‌شیدا خێزانه‌كه‌ی‌ هاوكارییان كردوه‌.


سه‌ر له‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 15/5/2010، كچێكی‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵ به‌ناوی‌ زه‌ینه‌ب عه‌بدولزه‌هره‌ عه‌بد، له‌ گه‌ڕه‌كی‌ نیدای‌ كه‌ركوك له‌ماڵێك هه‌ڵدێت‌و خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ لای‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ كه‌ركوك، كه‌ له‌و كاته‌دا له‌وێ‌ ده‌بن‌و پاشتر چیرۆكی‌ رفاندنی‌ خۆی‌ بۆ هێزه‌كانی‌ ئاسایش ده‌گێڕێته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ كه‌ركوك (پارتی‌)، بۆ ئاوێنه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ ئه‌و كچه‌ قوتابی‌ پۆلی‌ چواری‌ ئاماده‌ییه‌ له‌شاری‌ نه‌جه‌ف. سه‌رله‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 11/5 له‌كاتێكدا له‌ماڵی‌ خۆیان له‌گه‌ڕه‌كی‌ عه‌سكه‌ری‌ ده‌رچوه‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌كه‌ی‌ به‌ڕێكه‌وێوه‌، به‌ڵام له‌ڕێگادا له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ رفێنراوه‌. پاشتر بێهۆشكراوه‌ تاوه‌كو گه‌یه‌نراوه‌ته‌ به‌غداد. زه‌ینه‌ب له‌لای‌ ئاسایش وتویه‌تی‌ "ئه‌وه‌نده‌ ئاگاداربوم گه‌یه‌نراومه‌ته‌ به‌غداو پاشتریش تا كه‌ركوك بێهۆش كراوم".


سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش، رونیكرده‌وه‌ ئه‌و كچه‌ له‌ شاری‌ به‌غدا به‌بڕێك پاره‌ فرۆشراوه‌ته‌ ژنێكی‌ عه‌ره‌بی‌ دانیشتوی‌ كه‌ركوك، كه‌ به‌ ئوم جینان ناسراوه‌و ئه‌و ژنه‌ش كچه‌كه‌ی‌ به‌بێهۆشی‌ گه‌یاندۆته‌ كه‌ركوك. به‌ڵام له‌ هه‌لێكدا ئه‌و كچه‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌و ژنه‌ هه‌ڵدێت‌و خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ لای‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش.


زه‌ینه‌ب، خاوه‌نی‌ دوو براو خوشكێكی‌ له‌خۆی‌ بچوكترو دایكێكی‌ پیره‌ژن‌و باوكێكی‌ كاسبه‌. باوكی‌ زه‌ینه‌ب له‌شاری‌ نه‌جه‌ف دوكانداره‌و كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو ناسراوه‌. به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش "زه‌ینه‌ب شوێنه‌واری‌ لێدان به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاربووه‌، ره‌نگه‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌شدا خواردنی‌ پێ‌ نه‌درابێ‌".


پاش ئه‌وه‌ی‌ زه‌ینه‌ب خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ لای‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش‌و زانیاری‌ ته‌واو له‌سه‌ر ئوم جینان ده‌دات كه‌ له‌به‌غدا به‌ پاره‌ كڕیویه‌تی‌‌و هه‌روه‌ها ئه‌شكه‌نجه‌شی‌ داوه‌. هێزێكی‌ هاوبه‌شی‌ پۆلیس‌و ئاسایش ده‌چنه‌ سه‌ر ماڵی‌ (س.ع.ع) ناسراو به‌ ئوم جینان‌و ده‌ستگیری‌ ده‌كه‌ن‌و تائێستاش له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ میقداد زیندانه‌.


به‌وته‌ی‌ ئاسایش، ئوم جینان ته‌مه‌نی‌ 33 ساڵه‌و ته‌ڵاقدراوه‌، له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ده‌ستیكردوه‌ به‌كاری‌ بازرگانیكردن‌و له‌شفرۆشی‌ به‌ كچان‌و ژنانه‌وه‌ "خێزانه‌كه‌شی‌ هاوكاریان كردووه‌و له‌كه‌ركوكیشدا ناسراون". سه‌رچاوه‌كه‌، وتیشی‌ "به‌وته‌ی‌ پۆلیسی‌ نه‌جده‌، تائێستا چه‌ند جارێك چونه‌ته‌ سه‌ر ماڵی‌ ئه‌و ژنه‌و ده‌ستگیریان كردووه‌، به‌ڵام پاشتر ئازادكراوه‌".


به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌كانی‌ ئاسایش، ئوم جینان چه‌ندین تۆڕو باند ده‌ناسێت كه‌ كاریان رفاندنی‌ كچان‌و ژنانه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ له‌شفرۆشی‌. كاتێكیش زه‌ینه‌بی‌ كڕیوه‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ دوچاری‌ له‌شفرۆشی‌ بكات‌و پاشتر به‌باندێكی‌ دیكه‌ی‌ بفرۆشێته‌وه‌. له‌لایه‌كی‌ خۆیه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی‌ كه‌ركوك بۆ ئاوێنه‌ی‌ ئاشكراكرد، ئوم جینان له‌به‌رده‌م ئه‌فسه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا دانی‌ به‌وه‌داناوه‌ "زه‌ینه‌بی‌ به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنه‌وه‌ به‌ باندێكی تر، كڕیوه‌".


سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش، باسی‌ له‌وه‌كرد ئه‌مجاره‌یان ئوم جینان به‌تۆمه‌تی‌ رفاندن ده‌ستگیركراوه‌. وتیشی‌ "نازانین ئه‌مجاره‌ش دادوه‌ر بڕیاری‌ ئازادكردنی‌ ده‌دات یان نا؟". سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش، وتی‌ "پێده‌چێت زۆربه‌ی‌ ئه‌و كچ‌و ژنانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا له‌كه‌ركوك رفێنراون، هێنرابێتنه‌ لای‌ ئه‌م ژنه‌ تاوه‌كو له‌شفرۆشی‌‌و بازرگانیان پێوه‌ بكات".


وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش هێمای‌ بۆكرد، زه‌ینه‌ب یه‌كه‌مجار هاتۆته‌ لای‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ ئاسایش‌و پاشتریش ئه‌وان هێزه‌كانی‌ پۆلیسیان لێ‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌. له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار رۆژه‌دا ده‌سدرێژی‌ سێكسی‌ كرابێته‌ سه‌ر ئه‌و كچه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش وتی‌ "له‌لای‌ ئێمه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كردووه‌". وتیشی‌ "ئوم جینان‌و هاوكاره‌كانی‌ حیسابی‌ حه‌یوان بۆ ئافره‌ت ده‌كه‌ن‌و كڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كه‌ن".


پاش ئه‌وه‌ی‌ زه‌ینه‌ب خۆی‌ راده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ركوك ده‌كات، ئه‌وانیش خێزانه‌كه‌ی‌ به‌ته‌له‌فۆن ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ردوو براكه‌ی‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ كه‌ركوك‌و خوشكه‌كه‌یان وه‌رده‌گرنه‌وه‌و زۆر سوپاسی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش ده‌كه‌ن، كه‌ زه‌ینه‌بیان رزگاركردوه‌.

كۆمێنتی خۆت بنووسه‌
 
ناو: تکایه‌ ناوی ته‌واو بنووسه‌
ئیمێل: تکایه‌ ئیمێل بنووسه‌
کۆمێنت: تکایه‌ کۆمێنتی خۆت بنووسه‌
کۆد
 

 

 
Copyright 2006 - 2011 Kurdistanonline News Agency  
All Rights Reserved , Created By KurdService